شۆفێران خۆپیشاندانیان کرد و رێگایان داخست
لە سەیدسادق بە کارتی زانیاری بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت
هەژان هادی
بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری کێشە دروست نەبێت، لیژنەی سووتەمەنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق بڕیاریدا بۆ لەمەودا بە کارتی زانیاری بەنزین بە شۆفێران بدرێت و دوو بەنزینخانەش بۆ ئۆتۆمبێلەکانی قەزاکە دەستنیشان کرا.
قایمقامیەتی سەیدسادق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەت لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری و دروستنەبوونی گرفت بۆ شۆفێران، بڕیاریدا لە بەنزینخانەکانی قەزاکەمان بەپێی کارتی زانیاری بەنزین دابەش بکرێت، بەم رێکارانەی خوارەوە:
- بەنزینخانەی (سینان) تایبەت دەکرێت بە ئۆتۆمبێلی پیکاب و تەکسی و پاس.
- بەنزینخانەی (یاوەر) تایبەت دەکرێت بە ئۆتۆمبیلی تایبەت.
- هەر شۆفێرێک (پیاو یان ژن) مۆڵەتی شۆفێری پێنەبێت بەهیچ شێوەیەک بەنزینی پێ نادرێ.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، کە ئەمڕۆ بەهۆی دابەشنەکردنی بەنزین لەو قەزایە، خۆپیشاندان دەستیپێکرد و سایدی گەڕانەوە لە رێگای سەرەکی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە لە رێگا نوێیەکە داخرا.