هەفتانە زیاتر لە 20 تۆن پاشماوە لە عەلوەی هەولێر کۆدەکرێتەوە
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بڵاویکردوەتەوە، تیمەکانیان هەموو پێنجشەممەیەک عەلوەی هەولێر دەشۆن و هەفتانە زیاتر لە 20 تۆن پاشماوە لەو عەلوەیە کۆدەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بڵاویکردوەتەوە، جگە لە شۆردنی عەلوەی هەولێر، هەموو ئێوارەیەک زیاتر لە سێ تۆن پاشماوە لەو عەلوەیە کۆدەکەنەوە، جگە لەو پێنج تۆنەی ئێوارانی پێنجشەممە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ی وت، “هەموو ئێوارەیەک تیمەکانمان کە پێکهاتوو لە 12 کەس، سێ تۆن پاشماوە لە عەلوەی هەولێر کۆدەکەنەوە، جگە لە ئێوارەی پێنجشەممە ئەو رێژەیە دەبێتە پێنج تۆن”.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر ئەوەشی وت، “خەڵک بەگشتی هاوکار نییە بە رێنماییە ژینگەیەکان، هەمووی شت لەسەر زەوی فڕێدەدات و کەس هاوکارمان نییە”.
عەلوەی سەوزە و میوەی هەولێر کە بەعەلوەی کۆن ناسراوە، دەکەوێتە رێگای موسڵ لە خۆرئاوای هەولێر، رۆژانی پێنجشەممە لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دادەخرێت تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی هەینی.