سلێمانى

دوو کەس بە تۆمەتی دزینی 4 ملیۆن دینار و 5 هەزار دۆلار دەستگیرکران

وریا فەتاح

پۆلیسى سلێمانى دوو تۆمەتبارى دەستگیرکرد کە 4 ملیۆن دینار و 5 هەزار دۆلاریان لە هاوڵاتییەک دزیوە و پایسکلیان پێ کڕیوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی 4,000,000 (چوار ملیۆن) دیناری عێراقی و 5,000 (پێنج هەزار) دۆلاری ئەمریکی لێ دزراوە، هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوای کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین توانییان هەردوو تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.”

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر بەشێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە، بەڵام تۆمەتبارەکان بەشێکی تری پارەکەیان بۆ کڕینی ماتۆڕسکیل و کەلوپەلی دیکە خەرج کردبوو.

تۆمەتبارەکان بریتین لە (ع. ج. ح) لەدایکبووی ساڵی 1995 و (ز. ف. ع) لەدایکبووی ساڵی 1997. لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.