بکوژی ئەفسەرە کوردەکە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو

964+

فەهمی نەبی

ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، ئەمڕۆ بەبڕیاری دادگای تاوانەکانی موسڵ سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی عەمید سەعد ئەتروشی دەرچوو کە چوار مانگ لەمەوبەر لە موسڵ کوژرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی پارێزگای نەینەوا ئەو بڕیارەیداوە.

لە رۆژی 19.3.2023 چەند چەکدارێک لە گەڕەکی کۆمەڵگەی رۆشنبیری رووبەڕووی هێزێکی دژە تیرۆر بوونەوە، لەئەنجامدا عەمید سەعد ئەتروشی کوژرا و ئەفسەرێکی دیکە بریندار بوو، هەمان رۆژ بکوژە سەرەکیەکە بەناوی مەروان خان ئاڤدەل ئەحمەد دەستگیرکرا.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە دانیناوە بە تاوانەکەی بۆیە دادگا بەپێی مادەی 406 بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.

زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی عێراق دەریدەخەن ئەو کەسەی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە سەرۆکایەتی باندێکی کردووە کە دەستیان هەبووە لە دەستکاریکردنی تۆمارەکانی خانوبەرە، بەهەمان مەبەست ئەو تیمەی دژە تیرۆری عێراق بۆسەیان بۆ دانابوون، دوای شەڕە تەقەیەکی زۆر ئەو ئەفسەرە کوردە کوژرا، هاوکات ئەفسەرێکی دیکە برینداربوو.

عەمید سەعد حیکمەت حاجی ئەتروشی، بەرپرسێکی سەربازی کورد بوو، تا ئەو کاتەی کوژرا، بەڕێوەبەری هەواڵگری پارێزگای نەینەوا بوو.