35 ساڵ ئەزموون
هونەرمەندێکى رۆژئاوا: هەموو ئامێرە تەلدارەکان لە تەمبوورى کوردییەوە سەرچاوەیان گرتووە
گەرناس مەعۆ- عاموودا
سەمیر ئورکێش، هونەرمەند و وەستای دروستکردنی ئامێرە مۆسیقییەکان، ماوەی 35 ساڵە پیشەکەی تەرخانکردووە بۆ پاراستنی کەلەپووری کوردیى، ئامانجەکەشى ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا تەمبوورێک هەبێت و هەمووان بیژەنن.
ئەو وەستایە پێیوایە کلتووری کوردی لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهانە و تەمبووریش بنەمای ئەو کلتوورەیە. وتیشی: “یەکەم کەس کە تەمبووری دروستکرد کورد بوو، تەنانەت ئامێرە تەلدارەکانی وەک عود، باغلەمە و جومبوش لە تەمبوورەوە سەرچاوەیان گرتووە و کەس ناتوانێت ئەم مێژووەمان لێ بدزێت”.
سەمیر زۆر دڵخۆشە کاتێک دەبینێت ئێستا گەنجان و منداڵان روویان لە ژەنینی تەمبوور کردووە. ئەو مۆسیقا بە “خۆراکی رۆح و دەرمانی مرۆڤ” وەسف دەکات و دەڵێت مەحاڵە لەناو بچێت.
سەرەڕای تەمبوور، سەمیر ئورکێش بوزوقێکی ئاست بەرز دروست دەکات کە خواستی زۆری لەسەرە، لە ئێستاشدا چەند ئامێرێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی رەوانەی ئەوروپا و وڵاتی ئەڵمانیایان بکات.