لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی
"مەترسیان لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی هەبووە"
ئاسایشی نیشتمانی دوو هەزار و 700 هەژماری داخستووە
ئەحمەد مستەفا
ئاسایشی نیشتمانی عێراق نزیکەی سێ هەزار هەژماری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخستووە و دەڵێ، بۆ سنووردارکردنی وتاری رقوکینە و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، چەندین رێکاری چاودێری و یاسایی و تەکنیکی جێبەجێ کراوە.
وتەبێژی فەرمیی دەزگاکە، ئەرشەد حاکم، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، وتاری رقوکینە، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بۆنە ئایینییەکاندا، دەتوانێت مەترسی بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست بکات لە عێراق.
حاکم وتوویەتی، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی پێنج هەزار پەڕە و پلاتفۆرم چاودێری کراون کە رێکلامیان بۆ تیرۆر، ماددە هۆشبەرەکان و حزبی بەعسی قەدەغەکراو کردووە، هەروەها وتاری رقوکینە و توندوتیژییان بڵاو کردووەتەوە. لەوانەش نزیکەی دوو هەزار و 700 هەژمار داخراون.
لە هەمان ماوەدا، وتەبێژی دەزگاکە رایگەیاندووە زیاتر لە 750 هێرشی سایبەری بۆ سەر ماڵپەڕە حکومییەکانی عێراق بەرپەرچ دراوەتەوە و چارەسەر کراون.