دیمەنی شاری سلێمانی _ وێنە: 964
دوو رۆژی چڕ و پڕ
لوتکەی سلێمانی؛ مەکۆی گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ئابوری هەرێم و عێراق
ئەحمەد مستەفا
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ناوەندی دارایی و ئابووری سلێمانی و کۆمپانیای مونلاین، لە رۆژانی 17 و 18ی ئەم مانگە لوتکەی سلێمانی بۆ بابەتە ئابوورییەکان بەڕێوە دەبەن.
بەپێی پلانی دامەزراوەی ڤیژن، سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵا لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشداری چالاکییەکانی لوتکەکە دەکەن.
لوتکەکە لە ماوەی دوو رۆژدا 7 پانێڵ لەخۆ دەگرێت؛ 4 پانێڵ لە رۆژی یەکەم و 3 پانێڵ لە رۆژی دووەم، بابەتەکانی رۆژی یەکەم زیاتر دەچنە سەر کەرتی بانک و خانووبەرە، لە کاتێکدا رۆژی دووەم تایبەت دەبێت بە وەبەرهێنان و پیشەسازی ناوخۆیی.
لوتکەکە بە پێشانگایەک دەستپێدەکات کە بانکەکان، کۆمپانیاکان، کەرتی خانووبەرە، پیشەسازی و وەبەرهێنەران تێیدا بەشداری دەکەن، ئامانجەکە ئەوەیە، لەو پێشانگایە نزیککردنەوەی کەرتە ئابوورییەکان و دروستکردنی دەرفەتی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان سەرمایەداران و کۆمپانیاکان بڕەخسێندرێ.
عەدنان عوسمان، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن و بەڕێوەبەری لوتکەکە لە راگەیەندراوەی راگەیاندنی لوتکەکە کە 964 وەری گرتووە دەڵێ، ئەم چالاکییە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سلێمانی لە ژیانی ئابووری عێراق و ناوچەکە، بە تایبەتی لە بوارەکانی بانک، عەقارات و وەبەرهێنان.
هەروەها، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لوتکەکە بە مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون و تواناکانی حکومەت، کەرتی تایبەت، زانکۆکان و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان وەسف دەکات.
بەپێی رێکخەرانی لوتکەکە، ئامانج تەنیا باسکردنی ئاستەنگە ئابوورییەکان نییە، بەڵکو هەوڵ دەدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گۆڕینی پێشنیازەکان بۆ میکانیزمی جێبەجێکردن و پرۆژەی راستەقینە، کۆتایی لوتکەکەش بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دەبێت و راسپاردەکانی لوتکە بڵاودەکرێنەوە.