دانیشتووانی ئالوكا داوای پردی پەڕینەوە دەكەن

+964
هەژین فەتاح

دانیشتوانی گوندی ئالوكا داوا دەكەن پردێكی پەڕینەوەیان بۆ دروست بكرێت و بتوانن بە ئاسانی بەسەریدا ببەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان.

پێشتر رێگەی گوندی ئالوكا تا دەگەیشت بە دهۆك، پردێكی تێدابوو، بەڵام لە كاتی نۆژەنكردنەوەدا پردەكە دروست نەكرایەوە و لە بری ئەوە رێگەیەكی چوار كیلۆمەتری دروستكرا، كە ئێستا رێگەكەش تێكچووە.

گوندی ئالوكا سەر بە ناحیەی ئەتروشە سەر بە قەزای شێخان.

خەیری فەیسەڵ، هاوڵاتییەكی گوندی ئالوكایە بە964ی وت، “پێویستمان بە پردەكەیە، رێگە نوێكەش خراپ بووە، زۆر پێویستە ئەو پردە چارەسەر بكرێت”.

پردەكە دەتوانێت رێگەی گوندەكە نزیكتر بكاتەوە بە رێگەی گشتی، تا دەگاتە دهۆك.

بریندار عەبدوڵا، بەڕێوبەری شارەوانیی ناحیەی ئەتروش بە 964، وت، پێشنیاری هاوڵاتیانیان بەرزكردووەتەوە و چاوەڕێ دەكەن لەسەروو خۆیانەوە رەزامەندی بۆ كارەكە بدرێت.

ئالوكا نزیكەی دە كیلۆمەتر لە دهۆكەوە دوورە،زۆربەی دانیشتوانەكەی بە باخدارییەوە سەرقاڵن.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد