لیژنە پێکهێندراوە و دەوترێت "سوورییەکان" بڵاویان کردووتەووە
“سەلوور” ئەو ماسییە ئەفریقییەی بووەتە هەڕەشەو مەترسی بۆسەر سامانی ماسی عێراق
فەرهاد حەسەن
دوای پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی ماسی “سەلووری ئەفریقی” لە رووباری هیندییەی کەربەلا، پلانێک بۆ سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە ماسییە دەستیپێکردووە.
رووباری هیندییە لقێکی گرنگی رووباری فوڕاتە لە عێراقدا.
هاشم نەجم زوهەیری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەربەلا، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەشی خزمەتگوزارییەکانی سامانی ئاژەڵ پشکنینێکی مەیدانیی بۆ ژمارەیەک شوێن و رووبار ئەنجامداوە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ماسی سەلووری ئەفریقی، کە بە یەکێک لەو ماسییانە هەژمار دەکرێت کە نامۆن و هاتوونەتە ناو ژینگەی ئاوی ناوچەکەوە.
وتیشی “بەڕێوەبەرایەتییەکە لیژنەیەکی پسپۆڕی پێکهێناوە، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ هەبوونی ئەم ماسییە لە ئاوەکانی پارێزگاکەدا.”
لە چەند رۆژی رابردوودا، بابەتی ئەم جۆرە ماسییە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی توند لە نێوان بەکارهێنەرانی عێراقی و سووری، ژمارەیەک لە عێراقییەکان سوورییەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ماسیی “سەلوور”ی ئەفریقییان (African Catfish) خستووەتە ناو رووبارەکانی دیجلە و فوڕاتەوە و دەوترێت ئەم ماسییە “وشک و تەڕ” پێکەوە دەخوات و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جۆرە رەسەنەکانی ماسی لە عێراق و خەریکە سامانی ماسیی وڵاتەکە لەناو دەبات.
شارەزایانی ژینگەش هاتبوونە دەنگ و وتیان، ماسیی سەلووری ئەفریقی جۆرێکی “داگیرکەر”ە و توانایەکی زۆری هەیە بۆ ژیان لە ژینگە جیاوازەکاندا.