50 هەزار کەس لە خانکێ کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

+964

زەید کۆچەر- دهۆک

پرۆژەکەی ئاوی خانکی تا ئێستا کێشەکەی بەردەوامە و هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەکرێت، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەش بێ ئاون
زەردەشت شێخ شامۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ بۆ 964ی وتی، ئەمە نزیکەی چوار مانگە پرۆژەی ئاوی خانکی کێشەی هەیە و ئاو ناهێنێت و ناکێشێت و خەڵکی ناحیەکە بەشێکیان ئاویان پێناگات و کێشەی کەمئاویان هەیە.
وتیشی: ئێمە نەمانهێشتووە خەڵکەکەمان بێ ئاو بمێنێتەوە و هەر زوو هەوڵمان دا ئاویان بۆ دابین بکەین لە رێگەی پرۆژەی ئاوی قەزای سێمێل، کەوا ئێستا رێڕەوێکمان بۆ خەڵکی ناحیەکەمان دابین کردووە، بەڵام ئەمە نابێتە بەدیلێکی باش، چونکە ئاو بەشی هەموو خەلکی ئێمە ناکات و زۆرێک لە ماڵەکان و بگرە لە کەمپی ئاوارەکانی خانکێ ئاویان زۆر بە کەمی پێدەگات.
پرۆژەی ئاوی خانکێ لە ساڵی 1987 دروست کراوە و ئاوی پرۆژەکە بۆ ناو ناحیەی خانکێ دەروات و بۆ 37 گوندی سنووری ناحیەکەش، کەوا 23 گوند سەر بە ناحیەی خانکێنە و 14 گوندیش سەر بە سەنتەری ناحیەی خانکێنە، هه‌روه‌ها ئاوی پرۆژەکە بۆ کەمپی ئاواره‌ی خانکێش دابین دەکرێت .
ناحیەی خانکێ دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک و سەر بە قەزای سێمێلە و زیاتر لە 20 هەزار کەس لێ نیشتەجێن، لە کەمپی ئاواره‌كانیش نزیکەی 30 هەزار کەسی لێ نیشتەجێە، واتا 50 هەزار کەس پێویستیان بە ئاوی خواردنەوەیە .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا