دایە ئەمیرە خەریکی زەخیرەی زستانە

لە بەردەم دەرگا هەڵم و دوکەڵی لە گەنم هەستاند

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ئەم ئێوارەیە هەڵم و دوکەڵی ساوەر کوڵاندن لە بەردەم دەرگای دایە ئەمیرە بینرا، دەرکەوت ساوەر دەکوڵێنێ و هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ زستان قایم دەکات، ئەم دیمەنە ئێستا تا رادەیەک کەمبووەتەوە و یادەوەری جیلی ئاڵتونییە.

هەر کە خەبەر درا بە پەیامنێرمان ئەمڕۆ سێشەممە 4.8.2026، خۆی گەیاندە گەڕەکی خەبات لە سلێمانی و بینی دایە ئەمیرە خەریکی داگرتنی دانوولەکەیەتی و منداڵانی گەڕەک بەنیەتی دەستخستنی دانولەکە دەوریان داوە.

دایە ئەمیرە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵی، ئەو بۆ ساوەر، دۆینە و بڕوێش گەنمەکە دەکوڵێنێ و ئامادەیی دەکات، ئیدی لەو پێکهاتانە زستانێکی گەرم و گوڕ بە خواردنی کوردەواری بەسەر دەبەن.

هەر لەوێ خێری خۆی کرد و منداڵانی گەڕەک ریزیان بەستبوو بۆ دەستخستنی کەمێک دانوولە و لەوێ گەڕوویان بەم جەوە گەرمە گەرمتر کرد و کاتێکیش قسەیان بۆ پەیامنێرمان کرد، دەیانووت تامەکەی خۆشە، پێ دەچوو ئەوە یەکەمجار بێت دانوولەی گەنم بخۆن.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا