خوێندکارانی قۆناغی 12 لە کاتی تاقیکردنەوەی خولی یەکەمدا - وێنە: 964
وەزیری پەروەردە: هیچ بڕیارێک نییە سبەی ئەنجامەکان رابگەیەندرێت
فەرمان سادق
وادەی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆڵی 12 ئامادەیی دیار نییە کەی رادەگەیەندرێت، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە.
تاقیکردنەوەکانی کۆتایی 12 ئامادەیی تەواوبووە و دەفتەرەکانی تاقیکردنەوەکانیش پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و ئامادەن بۆ راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، لە هەندێک لە سۆشیال میدیاکان وەها بڵاوکرایەوە کە کاتژمێر 8ـی شەوی سبەی دووشەممە 3.7.2023، بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە کە سبەی ئەنجامەکان رابگەیەندرێت و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، بە فەرمی هیچ بڕیارێک نەدراوە کەی ئەنجامەکان رادەگەیەنین، بەڵام ئەگەر لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان بڕیار بدات بەیانی بێت ئەوا رادەگەیەندرێت، یان هەر کاتێک کە ئەوان دەستنیشانی بکەن.
دەشڵێت: ئەو بابەتە لەلای لیژنەی باڵای ئەزموونەکانە، لەکاتی خۆیشیدا هەموو میدیاکان بانگهێشت دەکەین.
بۆ ئەمساڵ، 117 ههزار و 364 قوتابی مافى بهشداریان لە تاقیکردنەوەکان کرد، لەم ژمارەیەدا 75 ههزار و 239 قوتابی لهبهشی زانستى و 39 ههزار و 113 قوتابی لهبهشی وێژەیی و سێ ههزار و 12 قوتابیش لهبهشی پیشهیی.
سەیوان سەعید، بریکاری وەزیری پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان بە 964ـی وت، ئەوەی ماوەتەوە هەندێک بابەتی ئامارییە لەبارەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، لەوانە دەرهێنانی رێژەی دەرچوون و یەکەم و دووەم و سێیەمەکان، هەروەها دابەزاندنی ئەنجامەکان لەناو سیستم و سێرڤەری وێبسایتی ئەزموونەکان.
دەشڵێت: هەوڵدەدەین بە زووترین کات ئەنجامەکان رابگەیەنین.
رۆژی شەممە 3.6.2023 یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و 24.6.2023 کۆتاییان هات.