عێراق

لە پەڕلەمانەوە بۆ حکومەت؛ لێکۆڵینەوە لە حەوت دۆسیە بکەن

ئەحمەد مستەفا

پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت کرد، لێکۆڵینەوە لە حەوت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی بکات کە دامودەزگاکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، لە پێشەنگی هەموویانەوە دۆسیەی دزیی سەدەیە.

راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی سەبارەت بە چەند دۆسییەکی گەندەڵی بڵاوکردووەتەوە، باسی لەوەکردووە، گەندەڵی بۆ چەندین ساڵە وەک ئافاتێک جەستەی دەوڵەتی لاواز کردووە و بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم سیستمی سیاسی، بە جۆرێک لە رابردوودا دروشم و پلانەکانی دژەگەندەڵی تەنیا وەک پەردەیەک بۆ دزینی زیاتری ماڵی گشتی بەکارهاتوون بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی راستەقینەیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بڕیاری مێژوویی پەرلەمان لە رۆژی یەکشەممە 28.6.2026، بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە دەرفەتی بە دەسەڵاتی دادوەری داوە پرۆسەیەکی بوێرانە بۆ راوەدونانی گەندەڵکاران دەستپێبکات.

هەروەها ئەوە خراوەتەڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش، پەرلەمان حکومەت پابەند دەکات، کە بە خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، گرنگترین دۆسیەکان بورووژێنێت، لەوانەش: دۆسیەی گەندەڵی باج ‘بەتایبەت دزینی سەدەی’، کەرتی وزە و گرێبەستە تریلیۆنییەکانی کارەبا، فەوزای مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان، تێچووی زیادەکراوی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە، کەرتی تەندروستی و هاوردەی دەرمان، گرێبەستەکانی کەرتی گواستنەوە و هێڵی ئاسن، لەگەڵ گرێبەستە وەهمییەکانی پڕچەککردن لە وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ.