زەیدی و باراک پێشوازییان لێکرد

ئیلۆن مەسک پشتڕاستی کردەوە؛ ئینتەرنێتی ستارلینک دێتە عێراق

مستەفا نەهرۆ

دوای ئەوەی عێراق بە فەرمی بەیاساییکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکی راگەیاند، کە پێشتر لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکادا باسی لێوەکرابوو، ئیلۆن مەسک لە رێگەی ریتویتکردنەوەی هەواڵەکە لە تۆڕی ئێکس، هاتنی خزمەتگوزارییەکەی بۆ عێراق پشتڕاستکردەوە.

لەو هەواڵەی کە ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە ریتویتی کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە، “عێراق مۆڵەتی کارپێکردنی ستارلینکی پەسەند کرد، بەمەش رێگە خۆش دەبێت بۆ هێنانەناوەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بۆ وڵاتەکە”.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە، “عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، پێشوازییان لە پەسەندکردنی مۆڵەتی کارکردنی ستارلینک کرد.”

لەگەڵ ئەوەشدا، لە بەدواداچوونێکدا بۆ نەخشەی فەرمیی کۆمپانیای ستارلینک، کە تایبەتە بە پیشاندانی ئەو ناوچە و وڵاتانەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتەکەیانی تێدا بەردەستە یان نا، دەرکەوت کە سەرەڕای بوونی ئەم رێککەوتن و لێدوانە فەرمییانە، تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی کرداری بۆ بەکارهێنەران لە ناوخۆیی عێراقدا کارا نەکراوە، و هێشتا وڵاتەکە لەسەر ئەو نەخشەیەی وێبسایتەکەدا وەک ناوچەیەکی بەردەستنەکراو (خزمەتگوزاری تێدا نییە) ماوەتەوە.

پێش ئەوەی ئیلۆن مەسک هەواڵی گەیشتنی خزمەتگوزارییەکە ریتویت بکاتەوە، مستەفا سەنەدی وەزیری گەیاندنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لە دەستکەوتەکانی کردبوو دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر وەرگرتنی پۆستەکەیدا. تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزارەتەکەی دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک کردووە بۆ پێدانی مۆڵەتی فەرمی، نەک ئەوەی خزمەتگوزارییەکە بە شێوەیەکی نایاسایی بێتە وڵاتەوە؛ چونکە بە وتەی ئەو، لەو حاڵەتەدا عێراق هیچ سوودێکی دارایی لێ نابینێت و ناتوانێت سەروەریی خۆیشی بپارێزێت.

ئەم لێدوانانە پاش سەردانە دوو رۆژییەکەی تۆم باراک، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دێن، کە تێیدا بە گرنگییەکی زۆر تیشک خرایە سەر پێنج کۆمپانیای ئەمریکی کە عێراق رەزامەندیی داوە دەستبەجێ کارئاسانییان بۆ بکات؛ لەناویشیاندا کۆمپانیای ستارلینکە و خاوەنداریێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیلۆن مەسک، ئەمە جگە لە چەند کۆمپانیایەکی تری بواری کارەبا کە پلاتفۆرمە سەرئاوکەوتووەکانی غاز لە بەسڕە لەخۆدەگرن و کێبڕکێی غازی ئێرانی دەکەن.

پێشتریش محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە 11.12.2025ـدا پێشوازیی لە شاندێکی کۆمپانیای ستارلینک کردبوو، بە مەبەستی تاوتوێکردنی قۆناغەکانی کۆتایی پێدانی مۆڵەتی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد و پتەوکردنی هاریکارییەکان لە بواری پەیوەندییەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەی کۆمپانیاکە پێشکەشیان دەکات.

کۆمپانیای ستارلینک (Starlink) پڕۆژەیەکی سەر بە کۆمپانیای ئاسمانیی سپەیس ئێکس (SpaceX)ـە کە لەلایەن گەورە سەرمایەداری ئەمریکی “ئیلۆن مەسک”ەوە خاوەندارێتی دەکرێت. کاری سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی زۆر خێرایە لە رێگەی تۆڕێک لە هەزاران مانگی دەستکردی بچووکەوە کە لە خولگەیەکی نزمی زەویدا دەسوڕێنەوە، بەپێچەوانەی ئینتەرنێتی ئاساییەوە کە پێویستی بە کێبڵی ژێرزەوی یان تاوەری پەیوەندی هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە باشترین چارەسەر بۆ گەیاندنی ئینتەرنێتێکی خێرا و بێ پچڕان بە تەواوی جیهان، بەتایبەتی بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، گوندەکان و هەر شوێنێک کە ژێرخانی ئینتەرنێتی ئاسایی پێ ناگات.