لە دەربەندیخان

بڕیار دەرچوو؛ ئیتر ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لەسەر شەقامەکان رابگرن سزا دەدرێن

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

ھاتووچۆی دەربەندیخان شۆفێرانی بارھەڵگری سنورەکەی ئاگادارکردۆتەوە کە ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان رانەگرن، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی قەزاکەش دەڵێت،”وەرزی ھاوینە کە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لەسەر شەقامەکان رابگرن قیرەکە تێکدەچێت”.

جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی دەربەندیخان بە 964ى وت،”لە ماوەی رابردووش شۆفێری بارھەڵگرە گەورەکانمان ئاگادارکردۆتەوە ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو کۆڵان و شەقامەکان رانەگرن، گەراجیان بۆ دابینکراوە و ئۆتۆمبێلەکانیان بخەنە ئەو شوێنانەی بۆیان دانراوە”.

“بەتایبەت ئێستا وەرزی ھاوینە، شۆفێر ھەیە بەچەند رۆژ لەسەر شەقامە قیرەکان ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکەی رادەگرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی خراپبوون و تێکچونی قیرەکە و دەنیشێت”،جاسم محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەواش کرد، دوای ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەگەر ھەر شۆفێرێکی بارھەڵگر پابەند نەبێت سزا دەدرێت، بە پێبژاردن یان دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح