دوو هەزار دۆلاریان چووەتە سەر

ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕەکانی کوردستان کەم بووەو بۆ ئێران دەڕوات

دیلان محەمەد –  سلێمانی

هەموو بەیانییەکە لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی ژمارەیەکی زۆری مامەڵەکاری ئێرانی و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێن کە دێن ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە تازەو کۆنەوە دەکڕن، جا ئەمە وایکردووە لای خۆمان ئەو ئۆتۆمبێلانە کەم ببێتەوەو نرخیان گران ببێت.

بە سادەیی بابەتەکە بەم شێوەیەیە: جاران ئێرانییەکان دەچوون لە ئیماراتەوە ئۆتۆمبێلیان دەبرد، بەڵام ئێستا هەم هورمز داخراوەو هەم خۆیان بەینیان لەگەڵ ئیمارات باش نییە، بۆیە باشترین شوێن شارەکانی کوردستانە ئەو بۆشاییەیان بۆ پڕ بکاتەوە.

میران محەمەد مامەڵەکاری ئۆتۆمبێلی چینییە لە سلێمانی، دەڵێ ”لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا هەر ئۆتۆمبێلێکی چینی نزیکەی دوو هەزار دۆلاری چووەتە سەر، هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم ئەوەی ئێرانییەکان دەیبەن، جگە لەوەش بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە چین و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا هۆکار بووە لەوەی گران ببن”.

سیستەمی ئەسیکۆدا سیستەمێکی دیجیتاڵی داخڵکردنی داتای گومرگە، عێراق و 100 وڵاتی دنیا کاری پێدەکەن، هەموو داتاکانی کاڵاکان بە ئەلکترۆنی داخڵدەکرێن، لەبەر ئەوەی کەمتر بواری خۆ دزینەوەو گۆڕینی رەگەزی کاڵای تیایە، بۆیە لە هەندێ بواردا تێچوو لەسەر بازرگان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵایەک.

لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل باوە، ئەوانەی ئۆتۆمبێلی چینییان هەیە پەسنی دەدەن و ئەوانەی ئۆتۆمبێلی وڵاتانی تر دەفرۆشن دەڵێن چینییەکان خراپن و بەرگەی گەرما ناگرن.

هەر لەو پێشانگایە پەیامنێری 964 میرشاد نەورۆزی بینی کە هەم مامەڵەکارو هەم شارەزای ئۆتۆمبێلە چینییەکانە، ئەو وتی ”وانییە لە زۆر وڵاتی گەرمی دنیا تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلی چینی رۆنی زۆر باشی دەوێت و بە بەنزینی نۆرماڵی خۆمان ناڕوات بەڕێوە، بۆیە ئەوانە دەبنە هۆکاری دروستبوونی کێشە تێیدا”.