رێگەوبانی پێنجوێن رایگەیاند

رێگەی پێنجوێن بۆ کەوڵۆز و سەیرانبەن نۆژەن دەکرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

رێگەوبانی پێنجوێن دەڵێ، هەردوو رێگای “پێنجوێن _ کەوڵۆز” و “پێنجوێن _ سەیرانبەن”، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکرێ و بەهۆی تایبەتمەندی کەشوهەوای ناوچەکەوە، پێنجوێن لە پێشینەی کارەکان دەبێت.

وەک رێگەوبانی پێنجوێن ئاشکرای کردووە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.7.2026، لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە.

لەگەڵیدا، سەردانی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کراوە و دەڵێ، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە نۆژەنکردنەوەی هەردوو رێگای “پێنجوێن _ کەوڵۆز” و “پێنجوێن _ سەیرانبەن”، بەڵێندراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی هەردوو رێگاکە بکرێ.

ئەوەی ئاشکراکرد، لە کۆبوونەوەی پێشتریاندا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنی پێداوون کە بەهۆی تایبەتمەندی کەشوهەوای ناوچەکەوە، پێنجوێن لە پێشینەی کارەکاندا بێت، ئێستاش کار لەسەر ئەو بەڵێنە دەکرێت.

لە بڵاوکراوەکەیدا رێگەوبانی پێنجوێن دەڵێ، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بانکی هەرێم لقی سلێمانی دیداریان هەبووە، چەند داواکارییەکیان خستووەتە بەردەوامی کە پێویستیان بە پارەی کاش هەیە بۆ قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی سنوورەکەیان، بەڵێندراوە بەپێی توانا هاوکاریان بن.