دیمەنێک لە قامیشلۆ - وێنە: میدیا خۆجێییەکان
نیگەرانی لە دیاریکردنی پەڕلەمانتاران هەیە
پەیەدە: بەشداری راستەقینە بکرێین نەک هەژمونخوازی تاک لایەنە
ئەحمەد مستەفا
پارتی یەکێتی دیموکرات “پەیەدە” رەخنە لە شێوازی دیاریکردنی ئەندامانی پەرلەمانی سوریا دەگرێ و رایگەیاند، توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یەکسان نوێنەرایەتی نەکراون.
نوسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک دەربارەی پێکهێنانی پەرلەمانی سوریا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، بنیاتنانەوەی سووریای نوێ دەبێت لەسەر بنەمای ئیرادەی سەرجەم گەلی سووریا بێت، هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو قوربانییانەی کە شەهیدان داویانە و هیوای نەوەکانی داهاتوو بێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە رێڕەوێکی دیموکراتیک هەیە کە لەسەر بنەمای بەشداریی راستەقینە و هاوبەشیی نیشتیمانی بێت، بە دوور لە عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی و هەژموونخوازی بڕیارە تاکلایەنەکان کە بەسەر کۆمەڵگەی سووریادا دەسەپێنرێن.
ئەوان دەڵێن، پێداگری لەسەر سەپاندنی ناوەندی دەوڵەت و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەو سیاسەتانەی کە شکستخواردوویی خۆیان سەلماندووە، سووریایەکی نوێ بنیات نانێت، ئەم کارانە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی راگوزەردا ناگونجێن، لە هەمان کاتدا متمانە لە نێوان هاووڵاتییانی سووریادا درووست ناکەن، بەڵکوو پەراوێزخستن قووڵتر دەکەنەوە و دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی نیشتیمانیی گشتی لاواز دەکەن.
پەیەدە نیگەرانیی قوڵی خۆی لەبەرانبەر دەستنیشانکردنی ئەندامانی پەرلەمان و تەواوکردنی پرۆسەی دیاریکردنی ئەندامان نیشان دا و رایگەیاندووە، سەرباری ئەوەی کە کورد بە ناسنامە نەتەوەیی و هەمەڕەنگیی سیاسی و کولتوورەکەی بەشێکی رەسەنە لە مێژووی سووریا، بەڵام ئەم دەستنیشانکردنانە نیگەرانیی جددی لەسەر بەردەوامیی ڕێڕەوی پشتگوێخستن و پەراوێزخستن درووست دەکەن.