کرێکارە بریندارەکەی شیلادزێ، گیانی لەدەست دا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
ئەو هاوڵاتییەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
هاوڵاتییەکە ناوی هەڤاڵ سدیقە، تەمەنی 42 ساڵە و نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە کاتی کاركردندا کارەبا گرتی و لە باڵەخانەیەک فڕێیدایە خوارەوە، لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
دکتۆر عەبدوڵا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک بە 964ی وت، پێنج رۆژ لەمەوبەر هەڤاڵ بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شیلادزێ، دواتر گواستراوەتەوە بۆ دهۆک، هەرچەندە برینەکەی هێندە سەخت بوو هەر لە شیلادزێ پزیشکەکان لێی بێهیوا بوون.
وتیشی، بەهۆی رووداوەکەوە هەڤاڵ سدیق، کە خەڵکی شیلادزێیە، تووشی خوێنبەربوون بووە، فەقەراتى شکاوە و هەوایەکی زۆر چووەتە سینگیەوە، بۆیە ئەوان لەو بڕوایەدا نەبوون هێندە لە ژیاندا بمێنێت.
هەڤاڵ ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک گیانی لەدەست دا.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین