دیناری عێراقی - وێنە: 964
رێژەکە بەرزە و هاوشێوەی نییە
سیستمی ئەلیکترۆنی حەشر بە داهاتی عێراق دەکات
ئەحمەد مستەفا
داهاتمان لە مانگی تەمموزی رابردوودا گۆڕانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 560 ملیار دینار، ئەمە قسەی عومەر وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقە.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵی 2026، دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، کۆی داهاتی ساڵی 2025، گەیشتبووە دوو ترلیۆن و 200 ملیار دیناری عێراقی، کە هێشتا لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ کەمترە.
وائلی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی باسی لەوەکردووە، بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان بووەتە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی بەڕێوەبردنی نوێی دەروازە سنوورییەکان، بەهۆی کەمکردنەوەی دەستێوەردانی مرۆیی و گواستنەوە بۆ سیستمی چاودێری ئەلیکترۆنی وردتر و شەفافتر کە رێگە بەدواداچوونی جوڵەی کاڵا و بەراوردکردنی داتاکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەدات.
سیستمی بەستنەوەی تۆڕی لە بارەگای دەستەکە لە بەغدا کە بە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە بەستراوەتەوە، گۆڕانکارییەکی گرنگی لە میکانیزمەکانی وردبینی و چاودێریدا دروستکردووە و سەرجەم مامەڵەکان دەکەونە ژێر وردبینی ئەلیکترۆنی ناوەندییەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئاشکراکردنی دەیان سەرپێچی، وائلی وا دەڵێ.
ئەنجامی ئەم سیستەمە نوێیە، تەنیا لە رووی داراییەوە نەبووە بەڵکو بووەتە هۆی پاراستنی کۆمەڵگا لە هێنانی کاڵای قەدەغەکراو و سەرپێچیکار و جەختی کردەوە کە گرنگیدانی حکومەت و بەدواداچوونی مەیدانی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەهێزکردنی ئەم رێڕەوە و ئەمەش لەو هەفتەیەی دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بە روونی دەرکەوتووە.
وائیلی باسی لەوەکردووە، ئەوەی ئەمڕۆ لە دەروازە سنوورییەکان بەدەست دێت سەلمێنەری ئەوەیە کە بەدیجیتاڵیکردن و بەستنەوەی ئەلیکترۆنی بووەتە پێویستییەکی سەروەری و ئابووری، چونکە دەروازەی سنووری هێڵی یەکەمی بەرگرییە بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی و سامانی گشتی و سەلامەتی کۆمەڵگا و داهاتی زیاترە بۆ خزمەتی دەوڵەت و هاوڵاتی.