بەشێکیان نەخۆشن

حاجی لەقلەقەکانی راپەڕین روو لە ئاوەدانی دەکەن

فەرمان مەلا حەسەن – رانیە

کاتێک محەمەد خدر دەگەڕێتەوە لای نۆرینگە پزیشکییەکەی لە گوندی قەمتەرانی سنووری رانیە، دەبینێت باڵندەیەکی لەقلەق لەبەردەمی دەرگاکەی وەستاوە، لێی نزیک دەبێتەوە ئینجا بۆی دەردەکەوێت نەخۆشە، دوای پێدانی چارەسەری رەوانەی ناو شروشتی خۆی دەکاتەوە.

ئەوە یەکەم حاڵەتی لەقلەقەکان نییە لەو سنوورە روو لە ئاوەدانییەکان بکەن بەڵکو وەکو محەمەد بە 964 ی وت لە گوندەکانی دەوروبەریش ئەو حاڵەتە روویداوە و هۆکارە سەرەکییەکەش ئەوەیە کە نەخۆشی لەناو لەقلەقەکان بڵاوبووەتەوە و ئەوانیش لە بێتاقەتی روو لە ئاوەدانییەکان دەکەن.

محەمەد خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە پەرستاری و خاوەنی نۆرینگەکی پزیشکیشە دەڵێت “کە حاجی لەقلەقەکەم بینی لێی نزیک بوونەوە نەجوڵا، زانیم نەخۆشە و پێویستی بە هاوکاری هەیە، خواردن و خواردنەوەم پێداو دوای 24 کاتژمێر تەندروستی باش بوو گەڕاندمەوە ناو سروشت”.

ئەوکات پەیامێکی ڤێدیۆی بڵاودەکاتەوە و رووی پەیامەکەشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری راپەرینە بۆ ئەوەی بەهانای ئەو لەقلەقانەوە بێن، بەڵام دەڵێت “بەداخەوە کەس نەهات بەدەم پەیامەکەمەوە”.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن