داوا لە وەبەرهێنەران دەکرێت

کار بۆ دروستکردنی کوشتارگەیەکی مۆدێرن دەکرێت

+964

هۆگر عەدنان- چەمچەماڵ

بە نووسراوی فەرمی داواکراوە کوشتارگەیەکی مۆدێرن دروست بکرێت و لەگەڵ کوشتارگەکە لە ناو چەمچەماڵ مەیدانی ئاژەڵفرۆشانیش دووربخرێتەوە

پێشنیار کراوە، کوشتارگە مۆدێرن و پێشکەوتووەکە ببرێتە نێوان قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، بەڵام تا ئێستا هیج وەبەرهێنەرێک ئامادەیی نیشان نەداوە بۆ ئەم پرۆژەیە، لایەنی پەیوەندیداریش داواکارن وەبەرهێنەران بێن بەدەم ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەوە

د. عادل زەنگەنە بەڕێوبەری هۆبەی ڤێترنەری چەمچەماڵ بۆ تۆڕی 964 وتی، ” لە ماوەی ڕابردوودا داوامان کردبوو، ئەمڕۆ جارێ دیکە لە کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی بۆ ئامادەکاری بۆ رێکارەکانی جەژن، لە دیوانی قایمقامیەت داوامان پێشکەشی قایمقامیەت کردەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەبەرهێنەرێک ئامادەنییە ئەو کوشتارگە مۆدێرنە دروست بکات”

وتیشی، ” زەوی بۆ کوشتارگەکە دابین دەکەین لە باشترین شوێن، دەبێت مەیدانی کرین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە ناحیە و گوندەکانەوە ببرێنە دەرەوەی شار و دوای کردنەوەی کوشتارگەکە، هەردوو کوشتارکەی چەمچەماڵ و تەکیەی کاکەمەند دادەخرێن، بە تایبەت کوشتارگەی چەمچەماڵ شوێنەکەی زۆر بچوکە و کاتی خۆی بە کاتی دروست کراوە”.

ئێستا مەیدانی ئاژەڵانی چەمچەماڵ، لە نێوان گەڕەکەکانی قادرکەرەمیەکان و پیریایەکانە لە ناحیەی شۆڕش، نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانە و بووەتە  هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا