وەزیری دەرەوەش لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی قسەی کرد
دوای هێرشەکانی سەر سعودیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان دەرکرا
شۆڕش قادری
دوای هێرشەکانی سەر سعودیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان دەرکرا و وەزیری دەرەوەش لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی قسەی کرد.
دوێنێ لەناو خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرش کرایە سەر سعودیە و هەرزوو عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان پێکهێنا.
جەختی لەوەشکردەوە، هەرگیز رێگەنادەن لە خاکی عێراقەوە وڵاتانی دراوسێ بەئامانج بگیرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، دوای ئەوەی دەرکەوت هێرشەکان لە شوێنێکی پارێزگای میسانەوە کراونەتە سەر سعودیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان لە پۆستەکەی دوورخراوتەوە.
هەر بە فەرمانی عەلی زەیدی دەروازەی سنووری شەلەمچە بەڕووی ئێراندا داخراوە.
هاوکات فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی فەیسەڵ بن فەرحان بەتەلەفۆن قسەی کردووە و باسیان لە گرنگی بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی و راوێژکاری نێوان هەردوو وڵات و بەشداریکردن لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەش کردووتەوە.