مەرزی شوشمێ .. بەهۆی گرفتی تەکنیکی هەفتەیەک دواخرا

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

دوای ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک مەرزی شوشمێ کرایەوە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بۆ ماوەی هەفتەیک داخرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 27.6.2023، بە فەرمی مەرزی شوشمێ کرایەوە، مەرزەکە دەکەوێتە سنووری شارەدێی تەوێڵەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و کرمانشان لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکەم مەرزی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە رووی رۆژهەڵاتی کوردستان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەیدا گەشتیارێکی زۆر لە کرمانشان و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لەو مەرزەوە داخڵی کوردستان بوون، بەڵام بەهۆی بوونی گرفت لە دیوی کرمانشانەوە، دەوڵەتی ئێران مەرزەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک داخست و رێگەی بە گەشتیاران نەدا سەردانه هەرێمی کوردستان بکەن.

کێشەکە لە تێکچوونی هێڵی ئینتەرنێتی مەرزەکەوە روویداوە لە دیوای کرمانشان کە نەیانتوانیوە مۆری ئەلیکترۆنی لە پاسپۆرتی گەشتیاران بدرێت.

حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە 964 وت، لەلایەن ئیدارەی مەرزەکەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە بەهۆی گرفتی تەکنیکی و چالاک نەبوونی سیستمی وەرگرتن و بەڕێکردنی هاوڵاتیان، بۆ ماوەی هەفتەیەک مەرزەکە بە رووی گەشتیاران داخرا.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق