"خودا هەرێمی  کوردستان بپارێزێت"

هاوڵاتییەکی فەلوجە لە سلێمانی باسی هەڵوێستەکەی هەورامان و هەڵەبجە دەکات

دیلان محەمەد – سلێمانی

قاسم ساڵح، دانیشتووی فەلوجەیە بەڵام بەسەردان هاتووەتە ماڵی کچەکەی لە سلێمانی، بەرێکەوت پەیامنێری 964 دەبینێت و داوای لێدەکات کە دەیەوێت قسەبکات، ئەویش مایکی بۆ رادەگرێت ، باسەکەی لەسەر ئەو هەڵوێستنواندنەی خەڵکی هەورامان و هەڵەبجە بوو کە بۆ کچە 11 ساڵییەکەی کەربەلا کردیان.

قاسم دەڵێت:

سەرەتا بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، لە ناخی دڵمەوە سوپاسی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاری هەڵەبجە دەکەم بۆ ئەم هەڵوێستەی، کە بەڕاستی هەڵوێستێکی شەرەفمەندانە بوو، ئێمە وەک عەرەب ئەم هەڵوێستانە لەبیر ناکەین

ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە یەک گەلین و لە یەک عێراقین و یەک خوێنمان هەیە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان کورد و عەرەبدا نییە. ئینشاڵڵا خودا هەرێمی  کوردستان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەموو هەرێمەکە بپارێزێت و هەمیشە لە خێر و تەندروستی و سەلامەتیدا بن.

ئینشائەڵا ئێمە هەم،وومان موسڵمانین و لە یەک ولاتدا دەژین و هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە و ئینشاڵا لەهەر کاتێک بمانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

–        ئایا تۆ نیشتەجێی سلێمانیت یاخود  بۆ گەشت هاتوویت؟

کچەکەم لێرە لە سلێمانی دەژیت، هاوسەری کوڕی مامۆستا عومەر شێخ مەزگۆتە لە سلێمانی. من بۆ سەردان هاتووم، بەڵام من بۆ سەردان هاتووم، بەڵام فرمێسکی خۆشی لە چاوەکانم دێتە خوارەوە بۆ ئەم هەڵوێستەی پارێزگاری هەڵەبجە و خەڵکی سلێمانی، هەڵوێستێکی زۆر زۆر جوان بوو.

–        بۆچی دەگریت؟

ئەگەر پێشتر دەیانوت جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب هەیە، بەڵام پارێزگاری هەڵەبجە و خەڵکی سلێمانی دڵی یەک گەلیان یەکخستەوە، ئینشائەڵا هیچ جیاوازییەک لەنێوانمان نییە و ئێمە لەیەک نیشتمان و وڵاتدا دەژین، هیوای سەرکەوتن بۆ هەرێم  و هەموو کوردستان دەخوازم.

–        هەستت چی بوو کاتێک بینیت بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە دوای ئەو منداڵەدا دەگەڕان؟

ناتوانم قسە بکەم، لە ناخەوە دەمەوێت بگریم، نازانم چۆن ئەو هەستەم دەرببڕم، ئەمە هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیە بۆ خەڵکی کوردستان و هەڵەبجە و سلێمانی و لە مێژوودا دەنووسرێتەوە، هەڵوێستێکی وابوو هەموو کەس ناتوانێت باسی بکات کە هەڵكوێستێکی ئەوەندە شەرەفمەندانە و ئازایانە و مرۆڤانە و برایانە بوو بە هەموو مانایەک.

پێداچوونەوەی؛ فەرهاد حەسەن