هانایان بۆ پۆلیس بردووە

باخەوانێک لە سیتەک دزی کرد و گرتیان

ئەحمەد مستەفا

پۆلیسی سلێمانی بەم هەینییە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە باخێکی سیتەک بڕی 16 هەزار و 500 دۆلار و ملیۆنێک دیناری دزی بوو.

دەرکەوتووە تۆمەتبارەکە باخەوانی ئەو کەسە بووە کە سکاڵای کردووە پارەکەی لێ دزراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی تۆمەتبارەکە دەڵێ، تۆمەتبارەکە تەمەنی 36 ساڵە و لە کەمترین کاتدا دەستگیرکراوە، بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسە؛

بەتۆمەتی دزینی بڕێک پارە لەناو باخێکدا تۆمەتبارێک دەستگیرکرا
مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەک تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕێک پارەی لەناو باخێکدا لەسیتەک دزیبوو.
دوای ئەوەی هاوڵاتیەک لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەکی سەر بەبەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان سکاڵای تۆمارکرد کە بڕێک پارەی لێدزراوە، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەرو دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکان و کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا لەکەمترین کاتداو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەکەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت کە بڕی ( 16500) دۆلاری ئەمریکی و یەک ملیۆن دیناری عێراقی دزیبوو.
لەئێستادا تۆمەتبار (س، ع، ح ) لەدایکبووی 1990 ەباخەوانی سکاڵاکاربووە بەپێی ماددەی (444) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی