تای خوێنبەربوون وەک کۆرۆنا نیە

بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی سلێمانی: لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بە وتەی بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، بۆ روبەڕووبونەوەی تای خوێنبەربوون، لەهەر نەخۆشخانەیەک دوو بۆ سێ قەرەوێڵەیان لەگەڵ پزیشکی پسپۆر ئامادەکردووە.

خۆپاراستنی سلێمانی، لیژنەکانی راسپاردووە تەرکیزی یەکەمیان لەسەر تای خوێنبەربوون بێت، ئەگەرچی ئامادەکاریشی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ توشبوویەکی نیە.

ئەمرۆ سێشەممە 27.6.2023  رزگار عەلی، بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی سلێمانی بە 964ـی وت “نەخۆشیەکە لە

مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، بەڵام کەسێک مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا بکات لە گۆشەی مەترسییەکە دایە”.

لەبارەی هەبوونی حاڵەتی گومانلێکراویش لە پارێزگاکە، رزگار عەلی وتی “هەر کەسێک مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵ کردبێت، تا یان حاڵەتی خوێنبەربوونی هەبێت ئەوە بە گومانێلکراو دادەنرێت، بەڵام سلێمانی تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبووی بە پەتاکە نیە”.

“تای خوێنبەربوون وەک کۆرۆنا نابێت تا بڵاوبوونەوەیەکی قورس رووبدات، بەڵکو لە شارێکدا چوار کەس و پێنج کەس توش دەبن، بەڵام کە توش دەبن لەهەردوو کەس کەسێکیان دەمرێت، بۆیە داوای بەردەواممان خۆپارێزییە لە خەڵک” رزگار عەلی وای وت.

لە بارەی دەرمانی ریباڤیرین کە سەرەکیترین دەرمانە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری پەتاکە لە کەسی توشبوو، ئەو وتی ”دەرمانەکە لە عێراقدا بە زەحمەت دەستدەکەوێ، نرخەکەشی لەنێوان یەک هەزار و 500 دۆلار بۆ دوو هەزار دۆلارە”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن