سەدای سروودخوێنان هەموو شاری گرتووە

لە تەکیەکانی هەولێر لە ئێستاوە یادی مەولود دەستی پێکردووە

ئەحمەد شەمزین -هەولێر

یادە گەورەکەی مەولود لە هەولێر سبەینێیە، بەڵام لە ئەمشەوەوە لە تەکیە بەناوبانگەکان سەدای سروودبێژان لە دوورەوە دەبیسترێت کە هەموویان خەریکی زیکرو مەولودگێڕانن.

پەیامنێری 964 لە هەولێر چووە تەکیەی شێخ ئەحمەد کاریتانی لە کوران، کە یەکێکە لە تەکیە بەناوبانگەکانی شاری هەولێر، لەوێ مەولودخوێنان کۆڕی زیکریان گەرم کردبوو.

مامۆستا کامەران محەمەد سروودبێژەو چەند ساڵە لەو تەکیەیە، وەک خۆی دەڵێ هێشتا مووی لێ نەهاتووە کە لەو تەکیەیە بووەو هەر لەوێ پەروەردە بووە، بۆ یادەکەی ئەمشەویش دەڵێ ”هەندەخۆشە، هەندەخۆشە هەر دەڵێی جەژنە”.

پیاوان بەژمارەیەکی زۆر لە دەوری تەکیەکە کۆبوونەتەوەو دەستە جلی کوردییان لەبەر کردووەو کەشخە کەشخە دەرکەوتوون، هەر یەکەو پیرۆزبایی یادەکە لەوەی تر دەکات.

خەلیفە ئیدریس عارف کە سەروو 27 ساڵە لەو تەکیەیە خزمەت دەکات دڵخۆشی خۆی بۆ یادەکە دەربری و داوایکرد خەڵک سیفەتەکانی پێغەمبەر هەڵبگرن و بە پەیامنێری 964ی وت ”خوا ئەجرو پاداشتی ئێوەش بداتەوە یاڕەبی”.