رۆژانه‌ 20 تۆن گۆشت كه‌مى كردووه‌

له‌ كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخی هه‌ولێر رێژه‌ى سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵ كه‌می كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخی هه‌ولێر، سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵ كه‌می كردووه‌، رۆژانه‌ 20 تۆن گۆشت كه‌متر له‌ جاران ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ش هۆكاره‌كانى ئه‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌ بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات.

کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر، یه‌كێكه‌ له‌و سه‌ربڕخانه‌ حكومیانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دواى پشكنین و دڵنیابوونه‌وه‌ ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕێت.

یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ هەڵمەت هەمزە سلێمان، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، بۆ 964 ئاشكراى ده‌كات، ترسی خه‌ڵكه‌ له‌ نه‌خۆشی تاى خوێن به‌ربوون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات “گرانبوونى نرخى گۆشت به‌هۆى هاورده‌نه‌كردنى ئاژه‌ڵ له‌ده‌ره‌وه‌ هۆكارێكی دیكه‌یه،‌ چونكه‌ له‌وه‌ته‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌هه‌رێم بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ته‌نیا پشت به‌ ئاژه‌ڵى ناوخۆ ده‌به‌ستین”.

ناوبراو ئه‌وه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌رگایان به‌ رووى هاتنى ئاژه‌ڵ له‌ ته‌واوى پارێزگاكانى عێراق داخستووه‌ و رێگه‌ ناده‌ن ئاژه‌ڵه‌كانیان بهێندرێته‌ هه‌رێمى كوردستان.

هەڵمەت هەمزە، ئه‌وه‌شى بۆ 964 ئاشكرا كرد “پێش بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ى 80 تۆن گۆشتمان به‌رهه‌م ده‌هێناو ده‌نێردرایه‌ بازاڕ، به‌ڵام ئێستا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 60 تۆن رۆژانه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌”.