هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

کۆگایەکی تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە بەغدا تەقییەوە

964+

وریا فەتاح

دەستەی حەشدی شەعبی پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لە ناو یەکێک لە بارەگاکانیان لە بەغدا روویداوە، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەى حەشدى شەعبیدا هاتووە، “تەقینەوەیەک ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 17.10.2026، لە کۆگایەکی تەقەمەنییە تێکچووەکان (ئێکسپایەر) لە ناو بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە.”

حەشد جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، و هەر زانیارییەکی نوێ لەسەر وردەکاریی رووداوەکە بەردەست بێت، بڵاوی دەکەنەوە.

پێشتر، پەیامنێری 964 لە بەغدا رایگەیاندبوو کە ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز بیستراوە و دوکەڵێکی زۆر لە نزیک نەخۆشخانەی (سەعد وەتری) لە ناوچەی سەدرولقەنات بەرزبووەتەوە. هاوکات هاووڵاتیان ئاگری تەقینەوەکەیان بینیوە.