وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان:

 لە 144 مانگدا بەغدا تەنها پارەی 46 موچەی ناردووە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامارێکی فەرمیی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، لە 12 ساڵی رابردوودا بەغدا تەنیا رێژەی 2.4%ی بودجەی بۆ کوردستان ناردووە، کە ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر موچەی فەرمانبەران هەبووە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2025، لەبری ئەوەی بەغدا رێژەی 17% یان 12.67%ی بودجە بنێرێت، دوای لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان و قەرزەکان، بە تێکڕا تەنها 2.4%ی بودجەی گشتیی عێراقی بۆ هەرێم ناردووە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لەو 12 ساڵەدا کۆی گشتیی پشکی هەرێم 212 ترلیۆن و 761 ملیار دینار بووە، بەڵام ئەو بڕەی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، تەنها 41 ترلیۆن و 42 ملیار دینار بووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکردووە، ئەو 41 ترلیۆن دینارە تەنیا بەشی تەمویلکردنی 46 مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە کاتێکدا لەو 12 ساڵەدا دەبوایە 144 مووچە دابەش بکرێت.

خاڵێکی دیکە کە وەزارەتەکە ئاماژەی پێداوە ئەوەیە، لە ساڵانی 2014، 2020 و 2022 کە عێراق یاسای بودجەی نەبووە، حکومەتی فیدراڵی ئەو پارە کەمەی کە ناردوویەتی وەک “قەرز” لەسەر هەرێمی کوردستان هەژماری کردووە، بۆ ئەوەی دواتر لە پشکی هەرێم بیبڕێتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم پشت بە داتاکانی ساڵی 2024ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەبەستێت و دەڵێت، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان رێژەی 14.14%ی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، بۆیە دەبێت پشکی هەرێمیش لە بودجەدا هەمان ئەو رێژەیە بێت.

 لە 144 مانگدا بەغدا تەنها پارەی 46 موچەی ناردووە