دیمەنێك لە كێڵگە نەوتییەكانی عێراق
پاڵپشتی كۆمپانیاكانی ئهمریكا دهكرێت
عێراق لهگهڵ كۆمپانیاكانی شیڤرۆن و ئیكسۆن مۆبیل لهگفتوگۆدایه
ئهرسهلان عهبدوڵا
وەزیری نەوتی عێراق پاڵپشتیی وڵاتهكهی بۆ كاركردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان له کێڵگە و پیشەسازیی نهوت و غازی عێراق دووپاتکردەوە، باسیشی له دانوستان لهگهڵ چهند كۆمپانیایهكی گهورهش كرد.
باسم محەمەد خزەییر بۆ میدیای فهرمیی عێراق قسهی كردووه و ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتهكهی پشتگیری ئەم رەوتە دەکات بەهۆی ئەزموونی بەرفراوانی ئەم کۆمپانیایانە لە کەرتی نەوت و گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و پەرەپێدانی کارمەندانی عێراقی.
وهزیری نهوتی عێراق رایگەیاند، “چەندین کۆمپانیای ئەمریکی لە عێراق کار دەکەن، لەوانە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت و راوێژکاری وەک هالیبێرتۆن، شلومبێرگەر، بەیکەر هیوز و کی بی ئاڕ”.
وتیشی، “وەزارەتی نهوت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیاكانی شیڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل و کۆنۆکۆفیلیپس هەیە”.
زیاتر گوتی، “وەزارەتەکە لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن دانوستان دەکات سەبارەت بە کێڵگەی قورنە 2ی رۆژئاوا، دوای کشانەوەی كۆمپانیای لوکۆیل بەهۆی سزاکانەوە، هەروەها دانوستان لەسەر پەرەپێدانی چوار بلۆکەکە لە کێڵگەی ناسریە دەکات”.
ههروهها روونیكردهوه، وەزارەتەکە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل هەیە و گفتوگۆی بەرفراوان ئەنجام دەدات، سەبارەت بە پڕۆژەی کێڵگەی نەوتی مەجنون و ژێرخانی هەناردەکردن، ئەمە جگە لە پڕۆژەیەکی ئاوی دەریا بە توانای 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ قەرەبووکردنەوەی فشاری خەزانەکان”.
وهزیری نهوت ئاماژەی بە کاراکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای هالیبێرتۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی نەهر بن عومەر و سندباد، وتیشی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس هەیە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی ئاکاز، لەگەڵ شلومبێرگەر لە قۆناغی یەکەمیدا کار لەسەر کێڵگەکە دەکات.
باسم محهمهد وتی، وەزارەت گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای HKN بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین واژۆکردووە و کارا کردووە و بە گرنگ وەسفی کردووە، چونکە پێی وایه نوێنەرایەتی وەبەرهێنانێکی یەکگرتووی نەوت و غاز دەکات.
خزهییر دووپاتی کردەوە کە وەزارەت پاڵپشتی بوونی کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەکات و هەوڵدەدات عێراق ببێتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەوان و کۆمپانیا ئەوروپییە بەناوبانگەکان، جەختیشی لە پابەندبوون بە تێپەڕاندنی ئاستەنگ و کێشەکان کردەوە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان و گواستنەوە لە قۆناغی بەڵێندەرایەتییەوە بۆ جێبەجێکردن.
ئهم قسانهی وهزیری نهوتی عێراق له كاتێكدایه كه بهرههمهێنانی نهوت مانگی رابردوو، بهراورد به مانگهكانی سهرهتای ئهمساڵ زیادی كردووه و بهپێی داتاكانی ناوهندی ئیكۆ عێراق بۆ چاودێریی ئابووری، مانگی ئەیلوول بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی لەمساڵدا تۆمار کراوه و گەیشتووەتە 4.399 ملیۆن بەرمیل.