چارستینی زەردەشتییەکان لە دهۆک نۆژەن دەکرێتەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەشکەوت و ناچەی چارستین نۆژەن دەکرێتەوە و بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆکیش دەڵێت، دوای نۆژەنکردنەوەی ئامادە دەکرێت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

ئەشکەوت و ناوچەی چارستین کە ناوچەیەکی گرنگی زەردەشتییەکانە لە بادینان و ئێستا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و دەکەوێتە گەلی دهۆک و دامێنی لە سنووری پارێزگای دهۆک.

نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن ریکخراوی یونیسکۆ و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی  و رێکخراوی وادی ئەڵمانی بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدەدرێت و 731 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و رێژەی 20%ـی کەرەستە و پێویستییەکانی لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە بۆ دابینکراوە.

بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، ئەو شەقامەی دەچێت بۆ چارستین درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە و کۆنکرێت دەکرێت، هەروەها رووناکی بۆ شوێنەکە دادەنرێت، هاوکات بەپێی رێنماییەکانی شوێنەواریش رووناکی دەبردرێتەناو ئەشکەوتەکە.

بەپێی پلانی بۆ دانراو بێت، دەبێت سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو کارەکان تەواوببن و ئامادە بکرێت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

چارستین، ناوچەیەکی زەردەشتییەکانە و پێکدێت لە چەند شوێنێکی شوێنەواری گرنگ، لەوانە ئەشکەوتی چارستن، ئاتاشگا و شوێنی دروستکردنی شەرابی پیرۆز و کێلیا شەدای دایخما.

چارستین، ناوچەیەکی شوێنەواری بەناوبانگی دەڤەری بادینانە و مێژووەکەی بۆ  هەزارەی یەکەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە .

پێداچوونەوە: فەرمان سادق