داوای ناسنامە و مۆڵەتی کارکردن دەکەن
خوێندکارانی پەیمانگەی نۆڵج لە هەولێر گردبوونەوە
رێباز یونس – هەولێر
خوێندکارانی پەیمانگای نۆڵج لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێر گردبوونەوە و داوای وەرگرتنی مۆڵەتی کار دەکەن و دەڵێن، وەزارەت ئامادە نییە ناسنامەیان پێبدا و بێ ناسنامەش مۆڵەتی کارکردنیان پێنادرێت
محەمەد مەحمود، یەکێکە لەو خوێندکارانە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێمە وەک خوێندکارانی بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی سەندیکامان پێنادرێ رووبەڕووی کێشە بووینەتەوە و کارتی کارکردنمان نییە، پەیمانگاکەشمان پێمان دەڵێت، کێشەکە لای ئێمە نییە و پەیوەندیدارە بە خوێندنی باڵاوە بۆیە هاتووینەتە ئێرە و دەمانەوێت کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن.
موبین بەهجەت، خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت، لە پاش دوو ساڵی خوێندن و نەهامەتی و دەردە سەری ناتوانین هەویەی سەندیکا بە دەست بێنین و پێمان دەڵێن بڕوانامەکانتان موعتەرەف نیە، وەزارەت دەبێت ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات، چونکە ئەو ناسنامەیەمان نە بێت ناتوانین ئیش بکەین و نا بینە ئەندامی سەندیکا، بمزانیبوایە ئەمە ئەنجامەکەی دەبێت نەم دەخوێند و دوچووم دەبوومە شۆفێر یان کرێکاریم دەکرد.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر