سبەینێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەکرێت

چەند گوندێک لەپارێزگای هەولێر دەکرێنە ناحیە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

بەپێی کارنامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سبەینێ سێشەممە 13.6.2023، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەکرێت و یەکێک لەبڕگەکان خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوخۆیە بۆ بڕیاردان لەەوەی چەند گوندێک بکرێن بە ناحیە.

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە 964ـی راگەیاند، سبەینێ کۆبۆنەوەی ژمارە 109ـی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجام دەدرێت، یەکێک لەبڕگەکان خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی ناوخۆیە سەبارەت بە بڕیاڕدان لەسەر ئەوەی چەند گوندێک بکرێن بە ناحیە.

وتیشی، بڕیارە هەریەک لە گوندەکانی کۆڕێ و بەستۆرە و بناری سەفین کە بنکەی سەرەکی لە زیارەت دەبێت لە سنووری قەزای پیرمام بکرێنە ناحیە و دارەشەکرانیش، کە ناحیەیە سەربە قەزای خەبات بەقەزای پیرمامەوە دەبەسترێتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێت، دروستکردنی ناحیە بێستانە یەکێکە لە بڕیارەکان لە سنووری قەزای بنەسڵاوە و چەند شوێنێکیش بڕیاڕی بو گوند کردنیان بۆ دەردەچێت، لەوانە حاجی هاورن لە سنووری ناحیەی بەحرکە و ئازادیش لە ناحیەی باسرمە.

پیرمام لە 4ی تشرینی یەکەمی 2021 لە ناحیەوە بووبە قەزا لەسنووری پارێزگای هەولێر کە نزیکەی 60 گوند دەکەوێتە سنووری ئەو قەزایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی