دژی ئەو هەڵمەتەی لە دژیان سەرۆکی یانەی بەردەڕەش سکاڵا تۆمار دەکات

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

سەرۆکی یانەی بەردەڕەش سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە لە پشتەوەی هێرشەکەی سۆشیال میدیا بوون بۆ سەر راهێنەری یانەی وەرزشی بەردەڕەش.

چەند رۆژێکە هەڵمەتێک لە ماڵپەرە جۆراو جۆرەکانی قەزای بەردەڕەش دەکرێتەسەر راهێنەر و سەرۆک و کارگێڕی یانەی وەرزشی بەردەڕەش بەهۆی سەرنەکەوتن و یەکسان بوونیان لە دوو یاری رابردوویان بەرامبەر بە یانەکانی شێخان و تەناهی.

یانەی وەرزشی بەردەڕەش لە کۆمەڵەی یانەکانی شیلادزێ، باتیفا، تەناهی و شێخان یاری دەکات لە چوارچێوەی خولی پلە دووی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای پارێزگای دهۆک.

هەڵمەتەکە لە کاتێکدایە دوای سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەرەکە و بڕیاری خەرجکردنی بڕی 314 ملیۆن دینار بۆ یانەکە دیت.

لەژێر گوشاری هەڵمەتەکە دوێنێ راهێنەری یانەکە دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام کارگێڕی یانەکە رەتی کردەوە و لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت.

سەمیر عەبدولقادر، سەرۆکی یانەی وەرزشی بەردەڕەش بە 964ـی وت، هەموو ئەوانەی هەواڵی بێ بنەمایان لەسەر یانەکەمان بڵاوکردووەتەوە و ویستوویانە یانەکە بڕوخێنن سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین.

دەشڵێت: سەرجەم ئەو هەوڵانە بەهۆی ئەوەیە کەوا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕی 314 ملیون دیناری بۆ یانەکەمان تەرخانکردووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق