قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی - فۆتۆ: ئاژانسەکان
قسەی دیکەشی کردووە
قاسم ئەعرەجی: داماڵینی چەک پێشمەرگە ناگرێتەوە
ئەحمەد مستەفا
روخسارە دیارەکەی ئەمنی قەومی لە عێراق، قاسم ئەعرەجی، بێ سێ و دوو دەڵێ، چەک داماڵین، هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە و گروپە چەکدارەکانی عێراقیش، ئێستا لانیکەم پابەندن هێرش نەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان ناوخۆی عێراق.
ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کەناڵی جەزیرە-ی قەتەری وتووە، گفتوگۆکان لەگەڵ هێز و گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
بە قسەی ئەعرەجی، گرووپە چەکدارەکان لە ئێستادا پابەندن بەوەی هیچ کردارێک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لە ناوخۆی عێراق ئەنجام نەدەن، وە وتی، پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکا باشە و هەوڵ دەدەین ببینە پردێک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە مافەکانی هەموو ناوچەکە دابین بکات.
لەبارەی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە عێراق، قاسم ئەعرەجی وتوویەتی، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لە خاکی عێراق نایاساییە و لەگەڵ لایەنی تورکی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
بە قسەی ئەعرەجی، ئەو بارودۆخانە وایان کردووە هێزە تورکییەکان لە خاکی عێراق بوونیان هەبێت، بە کۆتایی هێنان بە پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، بوونی سەربازی تورکیا لە عێراق کۆتای پێ دێت.