"بەهۆی کێشەيەکی خوێنداری بووە"

تۆمەتباری رووداوی کوشتنەکەی هەولێر لە دهۆک دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

ئەو کەسەی لە گەڕەکی باداوەی هەولێر هاوڵاتییەکی کوشت، لە دهۆک دەستگیر کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەربەیانی ئەمڕۆ هەینی 31.7.2026، دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر، هێزەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە”.

دوای بەدواداچوون و لێکۆڵينەوە دەرکەوتووە کە تۆمەتباری سەرەکی بەرەو شاری دهۆک هەڵهاتووە، تیمەکانی بەدواداچوون راستەوخۆ دەستبەکار بوون و لە ماوەیەکی کەمدا هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.

وەک پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لە لێکۆڵينەوەی سەرەتاييەکاندا دەرکەوتووە، رووداوەکە بەهۆی کێشەيەکی خوێنداری بووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.