بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر:

“شەوان ئۆتۆمبێل لە نۆرەی بەنزیندا جێبهێڵن سزا دەدرێن”

شۆڕش قادری

چیدی ئۆتۆمبێلەکانتان لەسەرەی بەنزیندا جێمە‌هێڵن، پۆلیسی هاتۆچۆ ژمارەکەتان دەنووسێ و سزا دەدرێن.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەڵێت، “راگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانە، شەقامەکان و کۆڵانەکان بۆ نۆرەگرتنی بەنزین رۆژێک پێش دابەشکردن، بەتایبەتیش لەکاتی شەواندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە”.

هەر کەس ئەو کارە بکات، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە تۆمار دەکرێت و سزای پێبژاردنی بۆ دەنووسرێت.

نەوت و کانزاکانی هەولێر داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات، بەهیچ شێوەیەک بۆ نۆرەگرتن ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو کۆڵان و شەقامەکاندا جێنەهێڵن.

ماوەیەکە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، هاوڵاتیان بۆ چەند سەعاتێک لە سەرەی بەنزینی 750 دیناریدا دەمێننەوە و هەشە شەوێک پێشتر دەچێتە سەرەوە یانیش بلۆک و فسفۆڕ و شتی جۆراوجۆر لە سەرەدا دادەنێن، بۆ ئەوەی زوو بەریانبکەوێ.