لە قوبرسى باکوور

کەشتییەکى نەفەرهەڵگرى بە زیاتر لە 267 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوت


وریا فەتاح
کەمێک پێش ئێستا، لە کەناراوەکانی شاری “گیرنە” لە قوبرسی باکوور (بەشی ژێر دەسەڵاتی تورکیا)، کەشتییەکی نەفەرهەڵگر نقوم بوو و  لە ئێستاشدا هەوڵێکی گەورە بۆ رزگارکردنی سەرنشینەکانی دەستی پێکردووە.
ئەرهان ئاریکلی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و گواستنەوەی قوبرسی باکوور بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ کەشتییەکە لە جۆری (کاتاماران) بووە و بە کۆی گشتی 267 کەسی تێدابوو، کە 259 یان گەشتیار و 8 کەسیشیان تیمی کەشتییەکە بوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە کاتێک روویداوە کە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە بە هۆکارێکی نادیار دەستی بە ئاوتێزان کردووە. هەرچەندە کاپتنی کەشتییەکە هەستی بە مەترسییەکە کردووە و هەوڵی داوە بگەڕێتەوە بۆ کەناراوەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنها چەند کیلۆمەترێک لە وشکانییەوە دوور بوون، نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات و کەشتییەکە نقوم بووە.
دەستبەجێ تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان و هێزەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە بەلەمە مەدەنییەکانی ناوچەکەش چوونەتە بەهاناوەچوونی سەرنشینەکانەوە.

لە ئێستادا سەرجەم نەخۆشخانەکان و تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی لە شاری گیرنە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بەڵام تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبارەی قوربانییان یان دۆخی تەندروستیی سەرنشینەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.