"بە هیچ هۆکارێک گەشت مەکەن"

ئەمریکا هۆشداریی “ئاستی چوارەم” دەداتە هاوڵاتیانی لە عێراق

فەرهاد حەسەن

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد، هۆشدارییەکی ئەمنیی توندی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و داوای لێکردوون بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەم هۆشدارییە دوای ئەو هێرشانە دێت کە لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا روویاندا.

بەپێی راگەیەندراوێکی باڵیۆزخانە، ئاماژە بەوەکراوە کە گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران هێرشیان لە خاکی عێراقەوە ئەنجامداوە کە مەترسیی گەورەی بۆ سەر سەلامەتیی گشتی دروستکردووە.

لە راگەیەندراوەدا، ئەمریکا عێراقی خستووەتە ژێر “ئاستی چوارەم”ی هۆشداریی گەشتکردن کە بەرزترین ئاستە و بە واتای “گەشت مەکەن” (Do Not Travel) دێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەم هؤشدارییەی چەند هۆکارێکی باسکردووە لەوانەش تیرۆر، رفاندن، و ململانێی چەکداری، ئاڵۆزی  و سنوورداریی توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە هاوڵاتییەکانی.

هۆشداریی ئەوەشی داوە، کە ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە گەشتە ئاسمانییەکان یاخود داخستنی کایەی ئاسمانی بکرێت، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بۆیە  داوا لە هاوڵاتییان دەکات پێش چوونیان بۆ فڕۆکەخانەکانی (هەولێر، سلێمانی، بەغداد و بەسرە) پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن یاخود لە رێگەی سایتە فەرمییەکانەوە چاودێریی کاتی گەشتەکان بکەن.

چەند رێنماییەکیشی بڵاوکردووەتەوە کە لە ئەگەری پێویست بوونیان جێبەجێی بکەن، کە بریتیین لە دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک،  چاودێریکردنی میدیا ناوخۆییەکان و پابەندبوون بە رێنماییە ئەمنییەکان، خۆتۆمارکردن لە بەرنامەی (STEP) بۆ وەرگرتنی نوێکارییە ئەمنییەکان و شەحنکردنی مۆبایلەکان و پاراستنی بەڵگەنامەکانی گەشتکردن لە شوێنێکی نزیک.

لە کۆتاییدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوامن لە کارەکانیان، هەرچەندە فەرمانی “مانەوەی ناچاری” تەنیا بۆ فەرمانبەرە بنەڕەتییەکان دەرچووە و فەرمانبەرانی ناسەرەکی پێشتر خاکی عێراقیان جێهێشتووە.