پەتای هەوکردنی مێشک ڤایرۆسیەکەی باشترە لە بەکتریایەکەی
سامان بەرزنجی: پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ترسناکە و رێژەی پەککەوتن و مردنی زۆرە
964+
دیسکی کوردی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی کوردستان دەڵێت، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ترسناکە و رێژەی پەککەوتن و مردنی زۆرە، بەڵام پەتای هەوکردنی مێشک ئەگەر ڤایرۆسی بێت باشترە لەوەی بەکتریایی کە بەکتریایەکە مەترسیدارە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە 964ـی وت، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەوانەی تووشی نەخۆشی پەردەی مێشک بوون لە کوردستان زۆرینەیان ڤایرۆسین نەک بەکتریایی کە ئەوەیان مەترسیدارە.
د. سامان بەرزنجی دەڵێت: پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گوازراوەیە، بەڵام باری نەخۆشییەکە چەندە مەترسیدارە ئەوە دەکەوێتە سەر جۆرەکەی کە هەیانە ڤایرۆسییە و هەشیانە بەکتریاییە، ئەوەی بەکتریایەکە مەترسیدارترە لەوەی ڤایرۆسەکە کە خۆشبەختانە ئەوەی لە کورستان هەیە زۆرینەی ڤایرۆسین.
زیاتر وتیشی “لە ئێستا و لە رابردووشدا نەخۆشی هەوکردنی مێشک هەر هەبووە، بەڵام رێژەکە سەرەتا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەرز بووەوە کە ئەمە پێوەندی بە کۆمەڵێک رێنمایی پاکوخاوێنی کەسی هەیە کە دەبێت دایکان و باوکان لەناو ماڵەکانیاندا کاتێک نەخۆشییەک گومانی هەیە ئەوا منداڵەکانیان سەردانی پزیشکی پسپۆر پێ بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە نەخۆشخانەکاندا ئەو نەخۆشە جیا بکرێتەوە”.
لەبارەی پەتای تای خوێنبەربوونیش، وەزیری تەندروستی باس لە بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لە عێراق دەکات و دەڵێت، نەخۆشییەکی ترسناکە و رێژەی پەککەوتن و مردنی زۆرە، ئەمەش وایکردووە ئەوەی تووشی ئەو پەتایە بووبێت ئەوا لە نەخۆشخانەکان دەکەونەژێر چاودێری چڕ.
زیاتر وتیشی “خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ئاژەڵییە و بە چەند رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەموو ساڵێک دەبێت لە سەرەتای هاوین رووپێوێکی گەورەی پڕژاندن هەیە بۆ کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ، بۆ ئەمە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر هێڵین و لیژنەی هاوبەشمان لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەیە”.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە شوێنێک مسۆگەر نەبوو کە گۆشتێکی تەندروست و مۆڵەتپێدراوی هەیە با نەیکڕن نەوەک گۆشتێکی گوماناوی بکڕن و بیخۆن.