هەڵبژاردەی هێزی لەشی سلێمانی دەستنیشانکرا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
بە بەشداری 28 یاریزان پاڵەوانیەتی هێزی لەش کۆتایی هات و هەڵبژاردەی سلێمانیش هەڵبژێردرا.
بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەی سلێمانی لەسەر هەرسێ جۆری دبنی و پێنج پرێس و دیدلیفت، لە رۆژانی 26 و 27 ـی ئەم مانگە و لە هۆڵی فایەق قەساب، پاڵەوانێتی هێزی لەش بۆ یانە و هۆڵە وەرزشییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەرێوەچوو.
لە پاڵەوانیەتییەکەدا 28 یاریزان بە نوێنەرایەتی شەش یانە و هۆڵی وەرزشی بەشداربوون.
لە پاڵەوانیەتییەکەدا، رکابەرایەتی لەسەر نۆ کێشی جیاواز کرا، لە کێشی 53 کیلۆگرامەوە دەستی پێدەکرد تاوەکو سەروو 120 کیلۆگرام.
یانەی وەرزشی حاجیاوا بەر هەردوو تیپی A و B، پلەکانی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا، هۆڵی چوارباخیش پلەی سێهەمی مسۆگەرکرد.
هەریەک لە یاریزانان زامۆ ماهیر، هێڤار قادر، فریاد حسێن، محەمەد ئیبراهیم، ئەحمەد تاڵیب، رێبەند تاڵیب، دیاکۆ هیوا، محەمەد سابیر و سەنگەر لەشکر، هەڵبژێردران بۆ ریزی هەڵبژاردەی سلێمانی بۆ یاری هێزی لەش.
هەژار قادر، سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی کوردستان بە 964ـی وت، 10 ساڵە لە سلێمانی ئەم پاڵەوانیەتییە لەسەر ئاستی هەرسێ جۆرەکە پێکەوە نەکراوە، هەربۆیە ئەم پاڵەوانیەتییە رێکخرا تاوەکو هەڵبژاردەی سلێمانی دەستنیشان هەڵبژێردرێت تاوەکو نوێنەرایەتی پارێزگاکە بکەن لە خول و پاڵەونیەتیەکانی سەر ئاستی عێراق.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق