سێ وەزارەت راسپێردراون
هەرێم بۆ عێراق: لەو قەرزانەى کردووتە پشکى خۆمان دەوێت
وریا فەتاح
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران سێ وەزارەتی حکومەتی بۆ بەدواداچوون و دەستەبەرکردنی پشکی هەرێم لە قەرزە فیدراڵییەکانی عێراق راسپاردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوى فەرمیی ژمارە (11474) لە رۆژى (2026/09/13)، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری، و پلاندانان)ی راسپاردووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن و سەرنجی یاسایی و دەستووریی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵی، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە قەرز و بەخشینەکانەوە ئامادە بکەن.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی کوردستانە لە عێراق. لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشت بە ماددەی (106)ی دەستووری عێراق بەستراوە، کە جەخت دەکاتەوە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان پشکی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێبدرێت کە حکومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و سوودەکانیان، بۆیە پێویستە لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکانیشدا مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک خۆی جێبەجێ بکرێن، و لە تەواوی قۆناغەکانی پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایانەدا دادپەروەری و بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی رەچاو بکرێن.