لە دهۆک
دوو کرێکار کارەبا گرتنی یەکێکیان گیانی لەدەستدا
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
لە ناحیەی دومیزی دهۆک دوو کرێکاری بۆیاخکردن، لەکاتی ئیشکردن کارەبا گرتنی و یەکێکیان گیانی لەدەستدا، ئەوەی دیکەشیان بریندارە و لەژێر چاودێری پزیشکی دایە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 20.10.2026 روویداوە، ئەو دوو کرێکارە سەرقاڵی بۆیاخکردنی باڵەخانەیەک بوون و تووشی ئەو کارەساتە بوون، هەردوو کرێکارەکە دانیشتووی ناحیەی دومیزن، ئەوەی گیانی لەدەستداوە، ناوی محەمەد ساڵحە و تەمەنی 35 ساڵە.
مەتین ئیسماعیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک بە 964ـی وت، ئەو کرێکارە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدابووە، پزیشکەکان زۆر هەوڵیاندا ژیانی بۆی بگەڕێننەوە، بەڵام بێسوود بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکارە بریندارەکە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت.
لە 10 مانگی ئەمساڵدا 12 کرێکار لەکاتی ئیشکردن لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بەتەواوی ساڵی رابردوو سێ حاڵەت زیاترە کە پارساڵ تەنیا 9 کرێکار لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری