کارگوزاری نەخۆشخانەکانی ئاکرێ زیاتر لە دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە
964+
زەید کۆچەر- ئاکرێ
کارگوزارەکانی هەردوو نەخۆشخانەی ئاکرێ دوومانگ و 21 رۆژە بێ مووچەن و کەسیش بەهانایانەوە ناچێت.
شێرزاد حسۆ، بەرێوبەری سەندیکای کرێکاران لە ئاکرێ بە 964ی وت: کێشەی ئەو کارمەندانە لەئێستادا ئەوەیە لە بەرواری 17/11/2022 گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم تەواو بووە و کۆمپانیا دەلێت، ئێمە تاوەکو ئێستا بێ گرێبەست کار دەکەن و حکومەت سلفەیان پێنادات.
وتیشی، ئێمە وەکو سەندیکا چەندین جار سکاڵای کارمەندەکانمان پێگەیشتووە و زۆر کێشەمانیش لەگەل کۆمپانیای LO CO هەیە بۆ نەدانی پارەی ئەو کارگوزارەکانی لە نەخۆشخانە کاردەکەن.
شێرزاد حسۆ،وتیشی، چەندین تەندەر پێشکەشکراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، بەڵام وادەی موناقەسە دانەنراوە و ئەم کۆمپانیایە تاوەکو ئێستا بێ گرێبەست کار دەکەن.
نیچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ لەو بارەیەوە بە 964ی وت: ئێمە هیچ بەرپرس نین بۆ ئەم بابەتە تەنیا ئێمە چاودێری کۆمپانیاکە دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی کاری نێو نەخۆشخانەکان، گرێبەستەکان لە ئاییندەیەکی نزیکدا نوێ دەکرێنەوە، کارمەندەکان دڵنیا دەکەینەوە موچەکانیان نافەوتێت.
لە هەردوو نەخۆشخانەی گوڵان و فریاکەوتنی ئاکرێ 100کارگوزار کاردەکەن و زیاتر لە دوومانگە بێ مووچەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی