پیشەوەرانی ناو کۆڵان و گەڕەکەکان دەردەکرێن

964+

کاروان ساڵحی

ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتووی کەرکوک  کرایەوە و هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە دەرکردنی پیشەوەرانی ناو گەڕەکەکانی شاری کەرکوک

ئەمڕۆ سێشەممە 16.5.2023 ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتووی کەرکوک کرایەوە کە خۆی لە سێ هەزار و 600 گەراج و دوکان دەگرێت و تاوەکو ئێستا لە 60% شوێنەکان فرۆشراوە، هەفتەی داهاتوو لیژنەی رێکخستنی ناو شار دەست دەکات بە دەرکردنی پیشەوەرانی ناو گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانی شارەکە.

ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتوو دەکەوێتە نزیک ناحیەی لەیلان  و بەدیاریکراوی دەکەوێتە شەقامی پشتێنەیی کەرکوک و هەریەک لە بەغدا و کەرکوک و هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئاوات عەبدوڵا، وەبەرهێنەر لە ناوچەی پیشەسازی بە 964ی وت ناوچەکە کراوەتەوە نرخەکانی لە نیوان 12 هەزار دۆلار بۆ 18هەزار دۆلارە هەر پیشەوەرێک لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بێت بۆ ناوچەی پیشەسازی ئەوە بۆ ماوەی سێ مانگ پارەی کرێی لێ وەرناگرین، بەڵام کە بە زۆر لە نێو شار دەربکرێن ئەوە ئێمە ئامادەین لێیان خۆش بین.

فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکوک بە 964 ی وت، هەفتەی داهاتوو هەڵمەتێکی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین بۆ دەرکردنی پیشەوەران لە بازاڕی حەسیرەکە و سەرجەم شوێنەکانی دیکە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت پیشەوەر لە ناو شار بێت و دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ ئەوەش بەشێوی قۆناغ بە قۆناغ.

پێداچوونەوە: توانا نەقی