راپۆرتێکیان دەربارەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوکردبووەوە

کۆشکی سپی: کەس بڕوا بە میدیا فەرمییەکانی ئێران نەکات 

هەژان هادی

دوای ئەوەی میدیا فەرمییەکانی ئێران راپۆرتێکیان دەربارەی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکایان بڵاوکردەوە، کۆشکی سپی دەڵێت، راپۆرتەکە ناڕاستە و نابێت کەس بڕوایان پێبکات.

کۆشکی سپی لە وەڵامی ئەو راپۆرتەی کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاند، “ئەم راپۆرتە راست نییە و ناوەڕۆکی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی (MOU) کە بڵاویانکردووەتەوە بە تەواوی هەڵبەستراوە”.

باسی لەوەشکرد، “کەس بڕوا بەو شتانە نەکات کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاوی دەکەنەوە”.

لە راپۆرتەکەی میدیاکانی ئێران باس لەوە کراوە گوایە ئەمریکا بەوە رازی بووە هێزەکانی لە گەرووی هورمز بکشێنێتەوە و گەمارۆی سەر کەشتییە ئێرانییەکان لابدات و لەبەرامبەردا ئێران رێگە بە هاتوچۆی کەشتیە بازرگانییەکان بدات و خۆی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات.