کارمەندانی شەهید هەژار نان نییە بیخۆن و دەعوەتیشیان ناوێت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی گەرمیان نیوەڕۆ خوانێکی بۆ کارمەندانی تەندروستی گەرمیان ئەنجامدا، کارمەندانی فریاکەوتنی شەهید هەژاریش رەتیانکردەوە.
خوانەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 13.5.2023 بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەرستارانەوە، لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، رێکخرا.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 هۆکاری بایکۆتکردنی نیوەڕۆ خوانەکە لەلایەن کارمەندانی فریاکەوتنی شەهید هەژارەوە بۆ نەبوونی خواردن و خواردنەوە لە نەخۆشخانەکە دەگەڕێتەوە.
کارمەندێکی نەخۆشخانەکەش کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە 964ی وت “نەک تەنیا نان، تەنانەت ئاوی خواردنەوەش لە نەخۆشخانەکەدا نیە، هەندێک جار لە ناو خۆماندا پارە کۆدەکەینەوە و ئاوی پێدەکڕین”.
ئەو کارمەندە، بایکۆتکردنی نیوەڕۆ خوانەکە بە هەڵوێستی کارمەندان دەزانێت، ئاماژەشی بە خراپی دۆخی کارمەندانی نەخۆشخانەکە کرد، بەهۆی دابین نەکردنی نان و کەمی دەرمان و نەبونی کارمەندی پاککەرەوەوە.
ماوەی چەند مانگێکە، بەهۆی دابین نەکردنی پارەی خواردن بۆ ئەو رێستۆرانتەی کە گرێبەستی لەگەڵ تەندروستی گەرمیان هەیە، خواردن بۆ کارمەندانی تەندروستی گەرمیان دابین ناکرێت و بەناچاری لە ماڵەوە خواردن لەگەڵ خۆیان دەبەن، یاخود لە دەرەوە بە ئۆنڵاین داوای دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی