"پەیوەندی نافەڕمی نامێنێ"

زانکۆی دهۆک ئاپێکی بۆ پەیوەندی مامۆستا لەگەڵ خوێندکارەکانی جێگیرکرد

شڤان عەبدوڵا – دهۆک

دروستبوونی پەیوەندی نافەڕمی لە نێوان خوێندکار و مامۆستا، وە مامۆستا و سەرۆک بەشەکان تا دەگاتە راگری کۆلێژەکان هۆکار بووە بۆ ئەوەی، سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک ئاپێکی چاودێری کراوی پەیوەست بە زانکۆکەی دابنێ.

ئەو ئاپە، رێگر دەبێ لە درستکردن و زانینی ئەکاونتی کەسەی، وە پەیوەندییە نافەرمییەکانی نێوان خوێندکار و مامۆستا، تەنانەت لەنێوان ستافی ئیداری زانکۆکەش ناهێڵێت.

زانکۆی دهۆک لە ئێستادا خاوەنی 19 کۆلێژ، 67 بەشی زانستی و زیاتر لە 23 هەزار خوێندکارە.

بۆ ئەم شێوازی رێکخستنی پەیوەندییە، زانکۆی دهۆک بڕیاریداوە ئاپی مۆدڵ EUMS کارا بکرێت، تا هیچ خوێندکار و مامۆستایەک نەتوانێت، جگە لەم سیستەمە هیچ ئەکاونت و ئاپێکی دیکە بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنن.

د. عسمەت خابوور، بەرێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، نەبوونی رێکخستنێکی فەرمی نێوان مامۆستا و خوێندکار کێشە و ناڕەحەتییەکی زۆر بۆ مامۆستایان دروست کردبوو، هەروەها پەیوەندییەکانیش پارێزڕاو نەبوون، بۆیە بڕیارماندا بەجێبەجێکردنی سیستەمی مۆدڵ و لەمەودوا هەموو شتێک بەفەرمی دەبێت.

لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی سیستمەکە، عسمەت خابوور وتی، بەجێبەجێکردنی سیستەمەکە مامۆستاکان هاوشێوەی دەوامێک ئۆفیسیان دەبێت، لەو کاتەدا تەواوی تواناکانی خۆی لەگەڵ خوێندکار دەخاتەکار، هەردوولا سوودمەنددەبن و باشتر لەیەکتر تێدەگەن و پەیوەندییەکانیش پارێزڕاوتر دەبن.

ئاپی مۆدڵ لە زانکۆی دهۆک نوێ نییە، بەڵکو لە سەردەمی کۆرۆناش سیستەمەکە بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی پەیڕەو دەکرا، ئێستا سیستمەکە تەنیا بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ستافی زانکۆ و خوێندکاران دەبێت، خوێندون هەر لەناو کەمپەس بەم شێوازی ئێستا بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا